حەج و عومرەی هەرێم: گەشتە ئاسمانییەکان راگیراون و دەبێت عومرەکاران بە رێگای وشکانی بگەڕێنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە ئاسمانییەکانی راگرتووە، دەبێت عومرەکاران بە رێگای وشکانی بگەڕێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئاگادارییەکدا ئاماژە بەوەدەکات، ئاگاداری هەموو ئەو هاوڵاتییانەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەکەین، ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ئێستا له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومرە، هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەهۆی چلەی ماتەمینیی (ئیمام حوسێن)، هەموو گەشتەکانی چارتەری تاوەکو کاتێکی نادیار راگرتووە.

دەشڵێت، لێرەوە عومرەکارانی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە، هەر عومرەکارێک ئارەزووبکات بگەڕێتەوە، پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەگەڵی گەشتی کردووە، تاوەکو بە رێگای وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە، پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە، خواردن و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابینبکات، تاوەکو ئەو کاتەی گەشتەکانی ئاسمانی دەستپێدەکەنەوە.

ئاماژە بەوەشدەکات، هەر کۆمپانیایەک بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە و، خەرجیی ئەو عومرەکارانەی کە لەوێن، لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکو بارمتە داویانە.

حەج و عومرەی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عێراقی لەوێ ماونەتەوە کە لە نێویاندا نزیكه‌ی دوو هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستان هەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share