سەنتەری کۆنترۆڵی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و بەتایبەتیش لە ویلایەتی تەکساس، لە زیادبووندایە.
سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سەردانی ژووری فریاکەوتن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە ویلایەتی تەکساس، بە بەراورد بە ماوەی رابردوو بە رێژەی 17% زیادیکردووە.
هاوکات رۆژنامەکانی ئەمریکا باس لەوەدەکەن، لەئێستادا شەپۆلێکی نوێی تووشبوون بە کۆڤید-19 بەشێکی زۆری ویلایەتەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە و زۆرینەی تووشبووانیش، منداڵن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهۆی ئەو ڤاکسینانەی دراوە بە دانیشتووان و بەهۆی ئەوەی بەشێکیشیان لە پێشتردا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر کەم لە تووشبووان لە دۆخێکی سەختدان.