وەزیری پەروەردە: داخستنی دەرگای قوتابخانەكان پەیوەندی بە گرفتی موچەوە نییە

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم

وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێشنیار دەكەین كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن پێشبخرێت و ئەو داوایەش دەخەنە بەردەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، دەشڵێت، داخستنی دەرگای ناوەندەكان پەیوەندی بە گرفتی موچەوە نییە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی كانونی دووەم وتی، لە 10ی تەمموزی 2019ەوە تا ئەمڕۆ 36 قوتابخانە و باخچەی نوێ كەوتوونەتە خزمەتەوە و 278 قوتابخانەش لە سەرجەم شارەكاندا نۆژەنكراونەتەوە.

وتیشی، “پەرەپێدانی ژێرخانی پەروەردە لە ئەولەویەتی كارەكانی حكومەتی هەرێمە” ئاماژەی بەوەشكرد كە لە ئایندەیەكی نزیكدا پێنج قوتابخانەی دیكە دەكەونە بواری خزمەتەوە.

ئەو وتانەی وەزیری پەروەردە ئەمڕۆ لەمیانەی بەشداریكردنیدابوو لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لەنێو پڕۆژەی مامۆستایان لە سلێمانی كە بڕیارە بە تێچووی ملیۆنێك و چوار سەد هەزار دۆلار لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا دروستبكرێت.

ئالان حەمەسەعید ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی شەممەش قوتابخانەیەكی نوێ لە سلێمانی دەكەنەوە. ڕونیشیكردەوە، قوتابخانەكە بەناوی مامۆستا (جەمال عەبدول)ەوە دەبێت، وەك هەڵسەنگاندن و ڕێزێك بۆ ئەو كەسایەتییە.

دەربارەی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندنیش بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، پێشنیاری ئەوان ئەوەیە ناوەندەكان زووتر بكرێنەوە، ئەوەش لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم دەخەنەڕوو، بەڵام چاوەڕوانی ڕێنوێنی وەزارەتی تەندروستی دەكەن بۆ لیژنەی باڵا لەبارەی ئەو پرسەوە.

سەبارەت بەوەی دەوترێت داخستنی قوتابخانەكان بەهۆی ترسە لە دەوامنەكردنی مامۆستایان و بایكۆتی پڕۆسەكە بەهۆی كێشەی موچەوە ئالان حەمەسعید دوپاتیكردەوە، “داخستنی دەرگای قوتابخانەكان پەیوەندی بە موچەوە نییە” ئاماژەی بەوەشكرد كە كاردەكەن لەسەر دابینكردنی ژیانی شایستە و پشتگیری داوای مامۆستایان دەكەن و، هەموو كاتێك هەوڵیانداوە موچە و شایستەی مامۆستایان لەكاتی خۆیدا بێ لێبڕین بدرێت.

دەربارەی پڕۆگرامی خوێندن و ئەگەری لەدەستچوونی وانەكانیش، وتی، ساڵی ڕابردوو كە لە 25ی شوبات دەرگای ناوەندەكانی خوێندن داخرا، 78%ی ساڵی خوێندن بەڕێوەچووە.

وتیشی، بۆ ئەمساڵیش بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، بڕیارە تەواوی پڕۆگرامەكانی خوێندن بخوێندرێت.

وەزیری پەروەردە باسی لە ساڵی داهاتووی خوێندیش كرد و ئاشكرایكرد، پلانیانوایە ساڵی ئایندە لە 20ی كانونی یەكەمی 2021 دەستپێبكات و تا مانگی حوزەیرانی 2022 بەردەوامبێت، بەمەش هیچ كەمبوونەوەیەك لە ڕۆژەكانی خوێندن و پڕۆگرامەكاندا نابێت، بەڵام بە سودوەرگرتن لە ڕۆژە پشووەكان.

بابەتی پێشتر

بەچەند مەرجێک گەشتی عەمرە دەستپێدەکاتەوە 

بابەتی دواتر

تۆیۆتا پێگەی پڕفرۆشترین كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی لە ڤۆڵگسواگن وەرگرتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share