شارەزایەکی کەشناسی: گەرمای بەتینی ئەم هاوینە بەرەو کۆتایی دەڕوات

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، گەرمای بەتینی هاوینی ئەمساڵ بەرەو کۆتایی دەڕوات و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، گەرمای هاوینی ئەمساڵ کەمدەبێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، سبەی هەینی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرمی بە 2 پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە و لە رۆژی شەممەوە، بە هەمان رێژەی ئەمڕۆ و رۆژانی رابردوو بەرزدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینیی هیچ شەپۆلێکی زۆر بەهێزی گەرما ناکرێت بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەمان ئەو رێژەی گەرمییەی کە ئێستا هەیە، گەرمای هاوینە لە ناوچەکانمان بۆ رۆژانی داهاتوو بەردەوامیی دەبێت.

باسلەوەشدەکات، لە سبەی هەینی بەدواوە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوی و نیمچە شاخاوییەکان، گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەر پلەی گەرمیی کاتەکانی شەواندا دێت و، سات بۆ سات هەست بە گۆڕانکاری و فێنکبوونی کەشوهەوا دەکرێت .

ئەو شارەزایە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە 16 و 17ـی ئەم مانگەوە، بەگشتی دەچینە ناو قۆناغێکی نوێ، کە ئەویش نزمبوونەوەی پلەی گەرمییە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و، کۆتایی بەو شەپۆلی گەرمایە دێت کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ناوچەکانمان جێگیربووە، واتا لەو رێکەوتە بەدواوە، بەشێوەیەکی ئاسایی گەرمای هاوینی ئەمساڵ کەمدەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share