حەسەن ڕۆحانی: کەس بەرەو سنورەکانی عێراق نەڕوات

سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریدایە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کە بیر لەوە نەکەنەوە بۆ چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن بەرەو سنورەکانی عێراق بڕۆن، چونکە سنور گیراوە و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت سنور تێپەڕێنێت.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران ئەمڕۆ 3ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، “لەناو ئێراندا ڕێگە بەکەس نادرێت کۆبوونەوە بۆ چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن بکات و ئەم ساڵ بە خامۆشی یادەکە تێدەپەڕێنین”.

مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن ساڵانە لە شارەکانی ئێرانەوە بەرەو شاری کەربەلا لە عێراق بەرێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ حکومەتی عێراق ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک پێشوازی لە گەشتیارە ئاینییەکانی ئێران ناکات.

حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی پێشوتری لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا ڕایگەیاندبوو با گەشتیارە ئاینییەکان خۆیان هیلاک نەکەن بچنە خاڵە سنورییەکانی نێوان ئێران و عێراق چونکە ڕێگەیان نادرێت بچنە ژوورەوە.

پێشتر دەیان گەشتیاری ئاینی لە ئێرانەوە ویستیان بچنە خاکی عێراقەوە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سەر سنور پێکدادان دروستبوو، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و چەند گەشتیارێک برینداربوون.

بابەتی پێشتر

كەنەدا هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆخی عێراق ڕادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

ئازەربایجان: بەڵگەمان لایە سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزەکانی سوپای ئەرمینیادا هەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share