ئەمریكا پەیامێكی ڕوونی ئاڕاستەی ئێران كرد

چەند هەفتەیەكە تاران چاوەڕوانی پەیامێكە لە كابینە نوێیەكەی ئەمریكا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام پەیامەكە بە بی-52 و درایەوە و دواتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی، “تا ئێران نەگەڕێتەوە ئێمەش ناگەڕێینەوە”.

 دوێنێ چوارشەممە 27ی كانونی دووەم، ئەمریكا چەند فڕۆكەیەكی بی-52ی شەڕكەری ناردە كەنداو، ئەوەش چوارەم بڵاوەپێكردنی هێزە لە ناوچەكە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی هێزی ئاسمانیی ئەمریكا، ناردنی ئەو فڕۆكە جەنگییانە تاكە ئامانج لێی پیشاندانی پابەندییەكانی ئەمریكا بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و ڕێگری لە هەر هێرشێكی دووژمنكارانە.

بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە، فڕۆكەكان بە بەردەوامی ماوەی 36 كاتژمێر بە ئاسماندا سووڕاونەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كابینە نوێیەكەی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاندووە، “ئەمریكا ناگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران، تا ئەو كاتەی تاران پابەندی بەڵێنەكانی نەبێت كە پاشەكشەی لێنەكردوون”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئێران ڕێز لە پابەندییەكانی ناگرێت لە زۆر ڕووەوە، ئەگەریش بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەر بەڵێنەكانی كاتی زۆری پێویستە”.

لەماوەكانی ڕابردوودا، ئێران لە سنوورە ئاسمانی و ئاوییەكانی خۆی چەندین مانۆڕی سەربازی ئەنجامداوە، كە وەك پیشاندانی هێز لێكدانەوەی بۆ كراوە.

ناردنی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆ كەنداو، پاش چەند ڕۆژێك دێت لە دەستبەكاربوونی جۆ بایدن وەك 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) شیفێڵد و ئێڤەرتۆن، مانچستەر سیتیان گەڕاندەوە لوتکەی پریمەرلیگ

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەك خانەقینی هەژاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share