قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ژەنەراڵ كێڤن لامبێرت، فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا و پێكەوە لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و دۆخی سوریا و چەند پرسێكی دیكە گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەمە بە ئامادەبوونی ستیڤن بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی ژەنەراڵ كێڤن لێیهی، فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا كرد بۆ هاوكاریی و هەماهەنگییەكانی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هیوای سەركەوتنیشی بۆ فەرماندەی نوێ خواست لە ئەركەكەیدا.

هەردوولا هاوڕابوون داعش هێشتا مەترسییەكی گەورەیە و شانە نووستووەكانی ئەو گروپە هەوڵدەدەن جارێكی دیكە ناسەقامگیری و بۆشایی ئەمنیی ناوچەكە وەك دەرفەتێك بۆ خۆڕێكخستنەوە بەكاربهێنن. جەختیشیان كردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و بەهێزتركردنی ئاستی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بۆ رێگریكردن لە هەر چەشنە جموجوڵێكی داعش و گروپە تیرۆریستییەكان لە ناوچەكەدا.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی سوریا كرا، جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێت كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكە مافەكانیان پارێزراوبێت و رۆڵ و پێگەی شیاویان لە سیاسەت و حكومڕانی سوریای نوێدا هەبێت.

سەبارەت بە هێرشە درۆنییەكانیش بۆ سەر ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدرا كە هێرشەكان مەترسین بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و بە پێویستزانرا لایەنی ئەنجامدەر رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكرێت و حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق پێكەوە ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا چەند پێشنیازێكی بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە خستوەتەڕوو

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا چەند پێشنیازێكی بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە خستوەتەڕوو، دیارترینیان قەدەغەی گشتیی هاتوچۆیە سێ ڕۆژ…
Total
0
Share