وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان: قەدەغەكردنی زمانی كوردی پێچەوانەی دەستوور و یاسایە

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئیدانەی هەر هەوڵێكی دژ و نەیار بە زمانی كوردی و بەكارهێنانی لە ناوەندەكانی خوێندن و دامودەزگاكانی دەوڵەتدا دەكات و دەشڵێت “قەدەغەكردنی بەكارهێنانی زمانی كوردی لە زانكۆكانی كەركوك و مووسڵ و دیالە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە”.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمدا هاتووە، بەداخەوە، بە بڕیاری ژمارە (6496)ی ڕۆژی 16ـی تەمموزی 2025ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، كە ئاراستەی زانكۆكانی موسڵ، كەركوك و دیالەی كردووە، فەرمانیكردووە، پرسیاری تاقیكردنەوەكان نەكرێنە كوردی.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەركردنی ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە، بە گوێرەی ماددەی (4)، بڕگەی یەكەمی دەستووری عێراق، زمانی كوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی رەسمییە لە دەوڵەتدا.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بڕیارە پێچەوانەی ماددەكان و ناوەڕۆكی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014ی تایبەت بە زمانە رەسمییەكانی عێراقە، كە لە ژمارە (4311)ی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی 2014 بڵاوكراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساكەدا زۆر بە روونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی كوردی دوو زمانی رەسمین لە عێراقدا.

وەزارەتەكە دەشڵێت، “وێڕای ئیدانەكردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داواكارین لە دامەزراوە دەستوورییەكانی عێراق، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێكی نادەستووری لەو شێوەیە بكەن و بەرپرسانی دەركردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكەنەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ھێزەکانی کۆماندۆ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بڵاوكردەوە

ھێزەکانی کۆماندۆ، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بڵاوكردەوە و دەڵێت، “ئامانجیان گێرەشێوێنی بووە”. دوێنێ ڕزگار محەمەد…
Total
0
Share