وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان زیانی ماددیی گەورەیان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروستكردووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، كاتژمێر (7:10)خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرشكرایەوە سەر كێڵگەی نەوتی هانت ئویلی ئەمەریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، كە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
دەشڵێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نیگەرانییەكی قووڵی لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە هەیە و بە تووندی ئیدانە و شەرمەزاریان دەكات، كە دەكرێتە سەر دامەزراوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان و مەترسی لەسەر هاوڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروستدەكات، لەهەمان كاتدا دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی سیڤلی ناوچەكە و كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی وزە و رێگرتن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی وزەی كوردستان.
وەزارەتەکە دەڵێت، هێرشە درۆنییەكانی 14، 15و 16ی تەمووزی 2025 بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و كێڵگە نەوتییەكانی (خۆرمەڵە، سەرسەنگ، پێششخاپوور و عەین سفنی) لە پارێزگای هەولێر، دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروستكردووە، بۆیە جارێكی دیكە داوا دەكەین كە حكومەتی فیدراڵی بەئەركی خۆی هەستێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.