زەوی بەسەر زیاتر لە سێ هەزار فەرمانبەردا دابەشدەکرێت

بڕیارە لە سنووری هەولێر، زەوی بەسەر زیاتر لە سێ هەزار فەرمانبەردا دابەشبکرێت و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، سەرجەم ناوەکان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا، بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی هەرێم درا و لەوکاتەوە، هەموو دامودەزگاکانی وەزارەتەکە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەردەوام لە کارکردندابوون و پرۆسەکە باش چووەتە پێشەوە.

وتیشی، لە ماوەی رابردوودا، هەموو ئەو ناوانەی لە سەرجەم وەزارەت، دەستە و فەرمانگەکانەوە هاتوون، کە زیاترە لە 435 هەزار ناو، پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و نێردراون بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری 37 سەرۆکایەتیی شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت و ئەمڕۆش، پرۆسەکە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەحرکەوە دەستپێدەکات و تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەران دەکرێت.

ساسان عەونی ئەوەشی وت، هەر سێ رۆژ جارێک لەو سەرۆکایەتییانەی دیاریکراون، تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەران دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share