سەرمایەکی سەخت سێ وڵاتی گرتووەتەوە و 15 کەس گیانیان لەدەستداوە

شەپۆلێکی سەختی سەرما هەریەک لە وڵاتانی ئەرجەنتین، چیلی و ئۆرۆگوای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لایەنی کەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.

میدیاکانی ئەرجەنتین بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئەو بارستە هەوا ساردە جەمسەرییەی لە ئەنتارکتیکاوە رووی لەناوچەکە کردووە، پلەی گەرمی لە هەرسێ وڵاتی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای و چیلی بۆ ژێر سفری سەدی دابەزیووە، کە ئەمە لە ماوەی 34 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.

سەرما و بەفربارینی زۆر، بووەتە هۆی بڕی هێڵەکانی کارەبا بۆ زیاتر لە 24 کاتژمێر.

بەپێی ئامارەکان کۆی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە 15 کەسی تێپەڕاندووە.

پێشبینیدەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا کۆتایی بەو شەپۆلە سەرمایە بێت و کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share