وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەمزووانە دەستپێناکەنەوە و مەرجیشیان بۆ دەستپێکردنەوەی ئەوەیە، ئەمریکا هێرش نەکاتە سەریان.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی بی ئێس نیوز) رایگەیاند، “تەکنەلۆجیای پیتاندنی یۆرانیۆم و زانست، بە بۆردومان لەناو ناچن و خەڵكی ئێرانیش بە ئاسانی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن”.
وتیشی، پێموانییە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەو خێراییە دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەوەی ئێمە بڕیاری دووبارە بەشداریکردنەوە بدەین، پێویستە سەرەتا دڵنیابین لەوەی کە ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا، بە هێرشێکی سەربازی ئێمە نەکاتە ئامانج”.
ئەوەشیخستەڕوو، “پێموایە لەم دۆخەدا هێشتا پێویستمان بە کاتێکی زیاترە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، بەڵام دەرگاکانی دیپلۆماسی هەرگیز داناخەین”.