قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە پاتریك دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی هەر یەكە لە یان برێم، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەكانی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد كرا.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم روونیكردەوە كە گفتوگۆكانی نێوان وەفدە دانووستانكارەكانی هەردوولا لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەچووە و گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا بگەینە رێككەوتن و كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت و جەختیشیكردەوە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد و دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی هاوكارییەكانی حكومەتی فەرەنسای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی ناوچەیی و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەكرد رێژەیەكی زۆری كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شار و شارۆچكە كەمتر گەشەسەندووەكانە، هەربۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی كۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدایە.