راگەیەندراوێکی بەپەلە لە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بووە و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان”.

دەشڵێت، “وەک لە راگەیەنراوی پێشووماندا ئاماژەمان پێدابوو، لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر هاوڵاتییان و خەڵکی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین، لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بووین کە بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی پارێزگاکەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدیبهێنن”.

باسلەوەشدەکات، “بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بەداخەوە ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیربکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان، تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی. لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردووە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێبکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان، تەنها بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی ئارامیی شار بووە”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “هاوڵاتییانی بەڕێزیش ئاگاداردەکەینەوە کە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی مووچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتییانە و بەدڵنیاییەوە لەم بوارەشدا، لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین. جارێکی دیکەش هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەکان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستیی هاوڵاتییانن”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی لەبارەی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی دەركرد

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك بڕیاری لەبارەی تاقیكردنەوەی نیشتیمانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەركرد. لە نوسراوێكدا، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كە ئاڕاستەی…
Total
0
Share