وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، نیگەرانن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و دەشڵێت، “عێراق لەمێژە هۆشداریی لەبارەی مەترسییەکان داوە”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “️ئێمە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پەرەسەندنە مەترسیدار و خێرایەی گرژییەکان دەکەین کە لە ناوچەکەدا روودەدات، کە ئێستا درێژبووەتەوە بۆ وڵاتانی برا، ئەمەش پاش هێرشکردنە سەر دەوڵەتی قەتەر”.
دەشڵێت، “ئەمەش پێشهاتێکە کە عێراق لە مێژە هۆشداریی لەبارەوە دەدات و ئاماژەی بەو مەترسییە قورسانە کرووە، کە ئەم گرژییانە، لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دروستی دەکات”.
ئاماژە بەوەشدەکات، “ئەم پەرەسەندنە ئاماژەیە بۆ گرژیی زیاتر و خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدار و بێ وێنەیە لە ململانێکاندا، عێراق بەردەوام هۆشداری دەدات لە مەترسیی تێوەگلانی لایەنی نوێ، کە دەکرێت ببێتە هۆی فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەکە و پەرەسەندنی زیاتری گرژییە ناوچەییەکان”.
ئەوەش هاتووە، “ئێمە هەڵوێستی پتەوی عێراق دووپاتدەکەینەوە کە قەیرانە ناوچەییەکان تەنها بە گفتوگۆ و پەنابردنە بەر رێگای دیپلۆماسی چارەسەردەکرێن، دوورکەوتنەوە لە بژاردە سەربازییەکانیش بە پێویست دەزانین. ئێمە بانگەوازی خۆمان بۆ ئارامی و هەوڵی یەکگرتوو بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی دۆخەکە نوێدەکەینەوە”.