حکومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ئێران راگەیاند

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، بەغداد نیگەرانیی قوڵی خۆی لەبارەی بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەردەبڕێت.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، “عێراق نیگەرانیی قوڵی خۆی دەردەبڕێت و بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزاردەکات. دووپاتیشی دەکەینەوە، ئەم هەڵکشانە سەربازییە مەترسییەکی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات و سەقامگیریی ناوچەکە بەشێوەیەکی جددی دەخاتە مەترسییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا رەتدەکاتەوە و داوای رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و بەئامانج نەگرتنی دامەزراوە گرنگەکانیان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان و بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاردەهێنرێن.

جەختیشدەکاتەوە، “چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی دیالۆگ و دیپلۆماسی بێت، هەروەها بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەبێتەهۆی پەرەسەندنی مەترسییەکان و ئاکامەکەشی، کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەبێت”.

حکومەتی عێراق ئەوەش دووپاتدەکاتەوە، “شەڕ تەنها وێرانکاری لە دوای خۆیەوە بەجێدەهێڵێت، هەروەها دەبێت وڵاتانی زلهێز بەرپرسیاریەتیی رزگارکردنی جیهان لە قەیرانی زیاتر بگرنە ئەستۆیان، نەک ئاگرتێبەردانیان. عێراق بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، داوای دەستبەجێی کەمکردنەوەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی قەیران و دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکات”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share