سبەی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێك دەبڕێت و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمیش رایدەگەیەنێت،”بۆ رێگری لە دیاردەی گزی (غش) و هەر هەوڵێكی دیكەی نایاسایی لەكاتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكاندا، لە سبەینێوە بۆ ماوەی یەك كاتژمێر و 15 خولەك رۆژانە هێڵەكانی ئینتەرنێت رادەگیرێن”.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویكردەوە، بە هەمان میكانیزمی پێشوو، تەنها لە رۆژانی تاقیكردنەوەكان هێڵەكانی ئینتەرنێت و هەموو جۆرە نامەیەكی (MMS) دەبڕدرێت.
بەگوێرەی خشتەی تاقیكردنەوە وزارییەكان لە هەرێم كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە راگەیەندراوە، سبەی یەكشەمممە 22ی6ی2025 تاقیكردنەوەكان دەستپێدەكەنەوە، لە كاتژمێر 6:30ی بەیانی تاوەكو كاتژمێر 7:45ی بەیانی ئینتەرنێت لە تەواوی هەرێمی كوردستان دەوەستێت.
بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەم شوێنانە هێڵی ئینتەرنێتیان دەبێت كە بریتین لە “سەنتەری زانیاری هەژماری من، لە گەڕەكی (32)ی پارك، سەرجەم ئامێرەكانی راكێشانی پارە (ATM)، سەرجەم بانكەكان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، داتا سەنتەری (پرۆژەی روناكی) و (پێوەری زیرەك)”.