وەزارەتی گواستنەوە: لە سبەینێوە ئینتەرنێت دەوەستێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، رایگەیاند، سبەینێ ئینتەرنێت دەوەستێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەینێ تاقیکردنەوەکان دەستپێبکەنەوە بەو هۆیەوە لە کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 7:45 خولەکی بەیانی ئینتەرنێت لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەوەستێت.

دەشڵێت، ئەو شوێنانەی دیاریکراون کە پێویستە لە هەموو حاڵەتێکدا خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان هەبێت، بریتین لە :
1- سەنتەری زانیاریی هەژماری من، لە گەڕەکی 32ی پارک.
2- سەرجەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM).
3- سەرجەم بانکەکان.
4- فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی.
5- داتا سەنتەری (پرۆژەی رووناکی) و (پێوەری زیرەک).

وەزارەتەکە دەڵێت، ئامانج لە بڕینی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، ساڵانە لەسەر داوای فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمە بۆ رێگریکردن لە دیاردەی گزی یان هەر هەوڵێکی دیکەی نایاسایی لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share