ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکرد، بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق، رۆژانە وڵاتەکە زیاتر لە 250 هەزار دۆلار زیانی پێدەگات.
عامر عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “بەر لە دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، رۆژانە زیاتر لە 500 فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا رۆیشتوون و بۆ هەر فڕۆکەیەک، 450 دۆلاری کۆکردووەتەوە، واتە داهاتی مانگانە، بە ملیۆنان دۆلار خەمڵێندراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لەئێستادا، بەهۆی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە لە ئەنجامی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، عێراق ئەو داهاتانەی لەدەستداوە کە پەیوەندییان بە (فڕۆکەی هاتوو، دەرچوون، بلیت، خزمەتگوزاری و کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی)ـیەوە هەیە”.
ئەو پەرلەمانتارە داوای لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق کرد، “هەموو زیانەکان هەژماربکات و تۆماریان بکات، دواتر پێشکەشی وەزارەتی دەرەوەی بکات و ئەویش لە یاداشتێکی ناڕەزایەتیدا، ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکات، بەمەبەستی داوای قەرەبووکردنەوەی شەڕی ناوچەکە و داخستنی ئاسمانی عێراق”.
عێراق لە 13ـی ئەم مانگەدا و لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، سەرجەم گەشتە مەدەنی و سەربازییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی وڵات راگرت، ئەوەش بەهۆی مەترسیی هەڵکشانی شەڕەکە و ئەگەری دروستبوونی مەترسیی ئەمنی لەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی.