بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوز-ی ئەمریکی، باسی لە دۆخی ئەمنیی ئێستای ناوچەکە بەگشتی، کرد.
گرنگترین قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل:
– ماوەی نیو سەدەیە بەهۆی ئێرانەوە ململانێیەک هاتووەتە ئاراوە کە هەمووان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیرۆردەکات.
– ئێران کێڵگە نەوتییەکانی ئارامکۆی لە سعودیە بۆردومانکرد؛ تیرۆر، چەوساندنەوە و تێکدان لە هەموو شوێنێک بڵاودەکاتەوە.
– ئێران شەڕی هەمیشەیی دەوێت و دەیانەوێت ئێمە بگەیەننە لێواری شەڕی ئەتۆمی؛ لە راستیدا ئەوەی ئیسرائیل دەیکات، رێگرییە لەم کارە، ئێمەش تەنیا بە وەستانەوە بەرامبەر هێزە خراپەکارەکانی ئەو وڵاتە، دەتوانین رێگری بکەین.
– ئێمە زانایانی ئەتۆمیی باڵای ئێرانمان کردووەتە ئامانج.
– لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە پشتگیریی ئیسرائیل بکات، چونکە هەوڵدەدەین بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەهێڵین.
– ئەمڕۆ تەلئەبیبە، سبەی نیویۆرک دەبێت.
– ئێمە شتێک دەکەین کە لە خزمەت مرۆڤایەتیدایە، ئەمەی ئێستا شەڕی چاکەیە دژی خراپەکاری، پێویستە لەگەڵ چاکەدا بین.
– ئێران دەیەوێت بەردەوامبێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی خۆیان و جبەخانەی مووشەکی بالیستی، کە دژی گەلەکەمان بەکاریدەهێنن.
– ئێمە تەنها شەڕی دوژمنەکەی خۆمان ناکەین، بەڵکو شەڕی دوژمنی هەمووتان دەکەین. بۆ خاتری خودا! ئەوان دروشمی “مەرگ بۆ ئیسرائیل، مەرگ بۆ ئەمریکا” دەڵێنەوە، ئێستا هاتوونەتە سەر رێگای ئێمە، سبەی دەچنە سەر رێگای ئەمریکاش.
– ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ دراوسێ عەرەبەکانمان، ئەوروپا، ئەمریکا و بۆ هەموو جیهان.
– هەندێکجار دەبێت هەڵوێستت هەبێت بەرامبەر بە خراپە، گەلی ئەمریکا و سەرۆک ترەمپیش بەتەواوی لەمە تێدەگەن.
پێشکەشکار: (ئایا ئەگەر ترەمپ داواتان لێبکات، بۆردومانەکان رادەگرن و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان دەستپێدەکەنەوە؟)، ناتانیاهۆ: سەرۆک ترەمپ سەرکردەیەکی گەورەی جیهانییە و دۆستێکی گەورەی ئیسرائیلە، لە دانوستانەکاندا زۆر بە روونی مەرجەکانی خستووەتەڕوو.