وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، رێوشوێنی تایبەت بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتییانی سووری دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەگیرێتەبەر.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، لەپێناو چارەسەرکردنی رەوشی تایبەتی هاوڵاتییانی سووری، ئەوانەی نشینگەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان بەسەرچووە، فەرمان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کرا، کاری پێویست ئەنجامبدەن بە گرتنەبەری ئەم رێکارانەی خوارەوە:
یەکەم: پێدانی ماوەی (60 رۆژی کارکردن لە رۆژی دەرچوونی ئەم نوسراوە) بۆ گشت هاوڵاتییانی سووری کە نشینگەکانیان بەسەرچووە یان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و نشینگەیان دەرنەهێناوە، بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی نشینگە بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەگوێرەی فۆرمی (20) و لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن.
دووەم: ئەوانەی لە خاڵی یەکەم ئاماژە بە کەیسەکانیان کراوە و نایانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەکەن، لە سزاکانی دواکەوتنی نوێکردنەوە یان دەرنەهێنانی نشینگە دەبەخشرێن. پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون بۆ یەک جار و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بەشێوەی رەسمی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
سێیەم: ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەبەر باری دارایی، ناتوانن بە فڕۆکەخانە گەشتی گەڕانەوە بکەن، دەتوانن سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون و سوودمەندبوون لە بەخشین لە سزاکان و خۆتۆمارکردن بۆ گەشتی گەڕانەوە لە رێگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پیشابوور، کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیان رێکدەخرێت.
وەزارەتی ناوخۆ داواشدەکات، “بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە کاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ پێکهێنانی تیمی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە و ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بە خێرایی”.
باسلەوەشدەکات، ئەم فەرمانە لە رۆژی یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.