راگەیەندراوێکی بەپەلە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەبارەی مووچە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان، نادەستووری و نایاساییە و سزادانی بە کۆمەڵی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەتبوو بە بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسیلەوەکرد، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێکردووە و شەفافانە سەرجەم داتا و زانیارییەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم خستووەتەڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025، رێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم واژووکرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ، ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کە رێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ راگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم”.

دەشڵێت، “ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردووە و دادگای فیدراڵیش جەختیکردووەتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قوتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت، بەتایبەتیش کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمە”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری و نایاسایی دەزانێت و داوایکرد، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان و کار بە دوا رێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ وهەرێم بکرێت”.

ئەوەشخراوەتەڕوو، “بڕیاریشدرا نامەیەکی رەسمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووری، یاسایی و داراییەکان روونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگی و پشتیوانیی چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور”.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کە پێشنیاریان کردووە، لێخۆشبوون بۆ کوڕ و کچی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون لە مینحە و دیاریی هاوسەرگیری، پاش خستنەڕووی راپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، رەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکە دا.

“بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە؛ پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ رەوایەتیی داواکاریی ئەو کارمەندانە لە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی رێکخستنەوەی ئەم بابەتە، بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە ئامادەکاریی باشتری بۆ بکرێت لە رووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان و سەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداری و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت”، لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە.

باسلەوەشکراوە، “لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە رۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 رۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و رۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی رەسمی دەستپێدەکاتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share