ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
ئیدارەی وزەی ئەمریکا خشتەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، “هەفتەی رابردوو هاوردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا، بە تێکڕا پێنج ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر، 661 هەزار بەرمیل زیادیکردووە”.
دەشڵێت، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بە تێکڕا 235 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە، کە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە.
ئەوەش هاتووە، “یەکەمین هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا کەنەدا بووە، بە تێکڕای سێ ملیۆن و 825 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە دوای ئەویش مەکسیک دێت، بە تێکڕای 588 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، نەیجیریا بە تێکڕای 464 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و سعودیە بە تێکڕای 327 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە ریزبەندیی سێیەم و چوارەم دێن”.