رێباز حەملان رایدەگەیەنێت، وەزیرى دارایى عێراق داردەستە و بۆ مەرامی سیاسیی بانگەشەى هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت و دەشڵێت، لیستى مووچەى مانگى پێنج کێشەى نییە و بڕیارى نەناردنى سەدا سەد بڕیارێکى سیاسییە.
رێباز حەملان، راوێژکارى پێشووى سەرۆک وەزیرانى هەرێم رایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق داردەستێکی سیاسیە، محەمەد شیاع سودانی و (چوارچێوەی هەماهەنگی) و دەوروبەر بۆ مەرامی سیاسیی بانگەشەی هەڵبژاردن و فشاركردن لەسەر گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنن هەركات بیانەوێت.
وتیشى، “لیستی مووچەی مانگی پێنج هیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداری و مالی نیە، ئەم بڕیارەی سەدا سەد سیاسیە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، رێزنەگرتنی دەستوور و یاسای بودجە و بریاری ژمارە (224)ی دادگای فیدراڵییە، كە حكومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دەركردنی لە كێشە و ململانێكان”.
رێباز حەملان باسى لەوەشکرد، سەرەڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵى، پشكی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك لەلایەن بەغدادەوە بەتەواوی خەرجنەكراوە و، تەنها مووچەیان خەرجكردووە نەك پشكی هەرێم، بۆ ساڵی 2025 بەس بۆ مووچە بری (11 ترلیۆن و 500 ملیار ) بۆ هەرێم دانراوە و رێككەوتنی لەسەركراوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا (سێ ترلیۆن و 800 ملیار) دینار بۆ مووچەی هەرێم خەرجكراوە.
ئاماژەشیدا، ئەوەی ئێستا لە بەغدادەوە دەكرێت راستەوخۆ دژ بە مووچەخۆران و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی كوردستانە، ئەمە بەشێكە لە فشارە بەردەوامەكانی بەغداد بۆ سەر هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم فشارانە ئەمڕۆ لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و پێکەوەبوونە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خۆمان بێینە دەنگ، رەنگی حیزبی و بەرگی ناکۆکی بخەینە لاوە، رێباز حەملان وادەڵێت.
داواشدەکات، وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت، ناوەندەكانی بڕیار و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و هاوڵاتییان و بە دەنگی بەرز داواکاری گەلەکەیان بگەیەنن، ئەگەر ئەوەشیان پێناکرێت، قوت و ژیانی خەڵکی کوردستان زۆر لە پۆست و پلەو پایە گەورەترە.