گۆڕان کۆنفرانس دەبەستێت

بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویکردەوە، سبەینێ بەسەرپەرشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆنگرە دەبەستن و ئەو هەڵسوڕاوانەی ناویان لە لیستی دەستەی گشتیی بزوتنەوەکەدا هەیە، مافی بەشداریکردنیان هەیە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەلومەرجێکی قەیراناویی سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، بزوتنەوەی گۆران، وەک پێویستییەکی ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی، سبەینێ شەممە کۆنفرانسی تەواوکاری، بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە هۆڵی ئاشتی شاری سلێمانی گرێدەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵسوڕاوانەی ناویان لە لیستی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، مافی بەشداریکردنیان هەیە. لەو سۆنگەیەوە، بانگەواز لەو هەڵسوڕاوە بەڕێزانە دەکەین، بەشداری بکەن و بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە؛ هەمومان بەیەکەوە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی دامەزراوەیی، بخەینەوە سەر شانۆی سیاسیی.

رۆژی 5ی نیسانی 2025، لە شاری سلێمانی لە هۆڵی زەرگەتە سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕانی لەژێر دروشمی ”هاونیشتمانی، دەستور، دیموکراسی” بەسترا.

لەو کۆنفرانسەدا بەرنامەی کاری سیاسیی بزوتنەوەکە و دەستوورەکەی پەسەندکران، هەروەها 55 کەس وەک ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان هەڵبژێردران و 12 کەسیش وەک یەدەگ دەستنیشانکران.

ئەو کۆنفرانسە لەلایەن باڵی کوردساتی بزووتنەوەکەوە رەتکرایەوە و دواتر و لە رۆژی 26ی نیسانی 2025، کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان باڵی کوردسات بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆن بەسترا، بەڵام رێژەی یاسایی تەواونەبوو کۆنفرانسەکە شکستیهێنا.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share