خولی 34 ی لوتکەی عەرەبی لە شاری بەغداد کۆتایی بە کارەکانی هێنا و راگەیەندراوی کۆتایی بڵاوکرایەوە.
لە راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەی عەرەبیدا هاتووە، کۆچکردنی هاوڵاتییانی فەلەستینی رەتدەکەینەوە و هەڵوێستی وڵاتە عەرەبییەکان بەرامبەر دۆزی فەلەستینی نەگۆڕە، پێویستە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بەردەوام بێت داوا دەکەین هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو خوێنڕشتنە چڕتربکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانج لەم لوتکەیە یەکگرتنی هەوڵەکان و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ئالنگارییە هاوبەشەکاندا.
سەبارەت بە سوریا لوتکەی عەرەبی داوایکردووە، رێز لە سەروەری و سەلامەتی خاکی ئەو وڵاتە بگیرێت و لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە سەرکۆنەکران.
لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی سودان لوتکەکە داوایکردووە، بە رێگای سیاسی چارەسەری کێشەکان بکرێت.