ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە ریاز-ی پایتەختی سعودیە و لەلایەن محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیەوە پێشوازیی لێکرا.
پاش پێشوازیکردن لێی، بن سەلمان قاوە پێشکەشی ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات، سەرەڕای ئەوەی روبیۆ قاوەکە دەخواتەوە، بەڵام ترەمپ تەنیا بەدەستیەوە دەیگرێت و نایخواتەوە، ئەمەش کاردانەوەی لەناو میدیاکاندا لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی را و بۆچوونی ئەمریکییەکان، ئەگەر سەرۆکی وڵاتێک قاوە پێشکەشی سەرۆکێکی دیکە بکات، بەڵام ئەو نەیخواتەوە، ئەمە دەکرێت وەک نیشانەی ناڕەزایەتی لێکبدرێتەوە.
لە کولتووری دیپلۆماسیی ئەمریکادا، پێشکەشکردن و وەرگرتنی خواردن و خواردنەوە، بەشێکە لە نەریتی میوانداری و دەربڕینی هاوکاری و دۆستایەتییە. کەواتە، رەتکردنەوەی خواردنەوەی قاوە، چا یان هەر خواردنەوەیەکی دیکە، رەنگە نیشانەی ناڕەزایی سیاسی بەرامبەر بە وڵاتی میواندار بێت، یان نیشانەی ساردبوونی پەیوەندییەکان، یاخود تەنانەت جۆرێکیش بێت لە تەحەدداکردن یان رێزنەگرتن لە نەریتی کولتووری میواندار.
بەشێک لە میدیا ئەمریکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، رەنگە هۆکاری تەندروستی، ئارەزووی خواردن، یان هۆکاری تایبەتی دیکە هەبن، بۆ نەخواردنەوەی قاوەکە.