تۆمەتباری سووتاندنی بازاڕی حاجیاوا دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کەسێكیان بەتۆمەتی سووتاندنی بازاڕی حاجیاوا دەستگیرکرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی لە بەرواری 25/4/2025 رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەزای حاجیاوا روویدا کە بووەهۆی سووتانی بەشێک لە دووکانەکانی مەیدانی شارەکە کە کۆنەفرۆش بوون، بەوهۆیەوە زیانی زۆری ماددی بەر خاوەن دوکانەکان کەوت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد، بە سوودوەرگرتن لە تۆماری کامێراکانی چاودێری، توانرا لەلایەن بنکەی پۆلیسی حاجیاوا تۆمەتبارێکی ئافرەت بەناوی (ش، س، ع) تەمەن 42 ساڵ، دانیشتووی قەزای رانیە، دەستگیربکرێت کە پیشەی دەستگێڕە لەناو بازاڕی حاجیاوا”.

پۆلیسی راپەڕین باسیلەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، لە بەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانینا بە تاوانەکەیدا کە بە وتەی خۆی، کاتێک خاوەنەکانیان لە دووکان نەبوون، ئەویش ئاگری لە پارچەیەک قوماش بەرداوە و دووکانەکان گڕیانگرتووە، چونکە مەبەستی بووە دووکانەکان بسوتێنێت.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، تۆمەتبارەکە وا خۆی دەرخست کە نەخۆشیی دەروونیی هەیە، بەوهۆیەش دەنێردرێتە لێژنەی پزیشکی پۆ پشتڕاستکردنەوەی کە ئاخۆ لە رووی دەروونییەوە تەندروستە، یاخود نەخۆشیی دەروونیی هەیە”.

دەشڵێت، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە راگیرکردنی تاوانبار بەپێی ماددەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share