(ڤیدیۆ) ئەستۆن ڤێلا تامی حەوت گۆڵ و دۆڕاندنێکی مێژوویی بە لیڤەرپوڵ کرد

ئەمشەو، یەک شەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی هەفتەی چوارەمی خولی نایابی ئینگلیزی، یانەی ئەستۆن ڤێلا لە ڤێلا پارک میوانداری یانەی لیڤەرپوڵی کرد.

تایمی یەکەم ئەستێرەکانی ڤێلاس ئاستێکی ناوازەیان پێشکەشکرد و ڕێگەیان نەدا لیڤەرپوڵ پاڵادەستی نیشانبدات.

لە خولەکی چوار ئۆلی واتکینز گۆڵی یەکەمی ئەستۆن ڤێلای تۆمارکرد، هەمان یاریزان لە خولەکی 23 بە گۆڵی دووەم ئەنجامەکەی فراوانکرد.

لە خولەکی 33 محەمەد سەڵاح هیوای بۆ لیڤەرپوڵ گەڕاندەوە و گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، بەڵام پاش دوو خولەک لەو گۆڵە (خولەکی 35) جۆن ماکجینی سکۆتلەندی بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی سێیەمی ڤێلانسی تۆمارکرد و لە خولەکی 39 ئۆلی واتکینز گەڕایەوە و بە گۆڵی چوارەم هاتریکی لەسەر یانەی میوان تۆمارکرد، ئەو تایمەش بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی خانەخوێ کۆتاییهات.

لە تایمی دووەمدا هەمان سیناریۆکانی تایمی یەکەم دووبارەبوونەوە، ڕوس بارکلی و جاک گریلیش (دوو گۆڵ) لە خولەکەکانی 55 و 66 و 75 گۆڵی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی ئەستۆن ڤێلا و لە خولەکی 60 محەمەد سەڵاح گۆڵی دووەمی لیڤەرپوڵیان تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامێکی فراوان (2 – 7) لە بەرژەوەندی ڤێلانس کۆتاییهات.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکە، ئەستۆن ڤێلا بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ لە کۆی سێ ڕوبەڕوبوونەوەی وەرز، گەڕایەوە بۆ پلەی دووەمی ڕیزبەندی پریمەرلیگ، هەرچی یانەی لیڤەرپوڵە بە نۆ خاڵ لە کۆی چوار یاری وەرز دابەزی بۆ پلەی پێنجەم.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) بە بردنەوەی لە لیڤانتی، ڕیاڵ مەدرید گەڕایەوە لوتکەی لالیگا

بابەتی دواتر

هۆشداری دەدرێت لە گەڕانەوەی خوێندكاران بۆ ناوەندەكانی خوێندن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share