بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران رایدەگەیەنێت، چوار تازەلاویان بەتۆمەتی ئاگربەردان لە هۆڵی بۆنەکانی شەهید شەوکەت، دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراویکدا بڵاویکردەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران، هێڵی گەرمی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران ئاگادرکرایەوە، لە رێکەوتی 26/4/2025، کاتژمێر 4ـی ئێوارە ئاگر لە هۆڵی بۆنەکانی شەهید شەوکەت لە سۆران بەردراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران بە وردی بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کرد لەڕێگەی وەرگرتنی زانیاری، بە سوودوەرگرتن لە کامێرای چاودێری.
دەشڵێت، لە ماوەیەکی کورتدا، توانرا تۆمەتباران دەستنیشانبکەن کە پێکهاتبوون لە چوار تازەلاو و دەستگیریانبکەن، کە هەڵسابوون بە ئاگربەردان لە هۆڵەکە و بەهۆیەوە بەشێکی هۆڵەکە سوتابوو.
پۆلیسی سۆران باسلەوەدەکات، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بە وتەی خۆیان، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان دابوو تاکو تەشەنە نەکات، بەڵام لەدەستیان دەرچووبوو، لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر، بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزاکان، لە بنکەی پۆلیسی نەوجەوانان راگیراون.