وەزارەتی پلاندانانی عێراق: تێکڕای هەڵاوسان لە مانگی کانونی یەکەمدا بەڕێژەی %4 بەرزبووەتەوە

دامەزراوەی ناوەندی بۆ ڕوپێوی سەربە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی کانونی دووەم ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە ڕێژەی بەکاربەر و نرخی کاڵا و کەلوپەل بڵاوکردەوە و بەوپێیەش تێکڕای هەڵاوسان بەڕێژەی %4 بەزربووەتەوە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم.

عەبدولزەهرە هیداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، “ڕاپۆرتەکە نیشانیدەدات هەڵاوسان بەڕێژەی %3.3 لە مانگی کانونی یەکەمی 2020دا بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم، هەروەها هەڵاوسان بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2019 بەڕێژەی %3.2 بەرزبووەتەوە ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە نرخی دۆلاردا”.

ئاماژەی بەوەکردووە، “بەشی مادە توتنییەکان بەڕێژەی %10.1 بەرزبوونەوەی نرخی تۆمارکردووە، هەروەها بەشی تەندروستی و پزیشکی بەڕێژەی %8.8 بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بەشی کەلوپەلی یاری و ئامرازەکانی کاتبەسەربردن بەڕێژەی %7.5، هەروەها بەشی گواستنەوە بەڕێژەی %7.2 بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە”.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانان، بەشی کاڵا و کەلوپەلە خۆراکییەکان بەڕێژە %4.9 بەرزبووەتەوە، هەروەها زێڕ لەسەرتاسەری وڵاتدا بەرزبووەتەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی ناوماڵ و ئامێرە کارەباییەکان بەڕێژەی %3.7.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نرخی یەکەکان و شوێنی نیشتەجێبوون بەڕێژەی %3.2 بەرزبووەتەوە، بەشی پەیوەندیکردن بەڕێژەی %3 نرخی بەرزبووەتەوە، بەشی خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە ناکحولییەکان بەبڕێکی کەم بەرزبووەتەوە کە %0.5ە.

ئەنجامی کۆی گشتی ئەو ڕێژەیە دەریدەخات هەڵاوسان لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2020دا بەڕێژەی %4 بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، هەروەها هەڵاوسان لە مانگی کانونی یەکەمی 2020 بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2019 بەڕێژەی %4.2 بەرزبووەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندییەوە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو مانگرتنیان راگەیاند

بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە فرۆشتنی راستەوخۆی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکاندا کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو مانگرتنیان راگەیاند.…
Total
0
Share