تەلەفزیۆنی ئێران ڕۆحانی بە كێشانی مادەی هۆشبەر تۆمەتباردەكات

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران

لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانەوە سەرۆككۆماری وڵاتەكە بە كێشانی مادەی هۆشبەر تۆمەتباردەكرێت و بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وڵاتەكەش داوای لێبوردن دەكات.

عەلی عەسكەری، بەڕێوبەری دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی كانونی دووەم وتی، داوای لێبوردن لە بینەرانی تەلەفزیۆن و حەسەن ڕۆحانی، سەرۆككۆمار دەكەین بەهۆی بڵاوبوونەوەی لێدوانی میوانێك لە شاشەكەمانەوە.

لەكاتێكی پێشتردا نوسینگەی سەرۆككۆمار بۆ كاروباری یاسایی ئاشكرایكرد لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ حكومەتدا دەكەن بە تۆمەتی “ناوزڕاندن”.

ئەحمەد جیهان بزورگی، مامۆستای ئاینی و ئەندامەی دەستەی وانەبێژ لە پەیمانگای ڕۆشنبیری و فیكری ئیسلامی باسی لەوەكرد ڕۆحانی گرنگی بە كێشەكانی وڵات نادات و وتی، “پێدەچێت بەرپرسەكە لە ماڵەوە لەنزیك ئاگردان دابنیشێت و ڕوداوەكانی وڵات پشتگوێبخات و پەیوەندی بە وەزیرانەوە نەكات”.

دەستەواژەی دانیشتن بە تەنیشت ئاگردانەوە لە ئێران وەك ئاماژەی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنرێت.

نوسینگەی سەرۆككۆمار داوای لە دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن كرد ڕونكردنەوە بدەن و دامەزراوەكەشی بە “سوكایەتیكردن” بە ڕۆحانی تۆمەتباركرد.

سەرۆكی دامەزراوەكە لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە دادەنرێت.

سەرچاوە: RT

بابەتی پێشتر

هۆکار چییە؟ ئینتەرمیلان پێشنیازی ئاڵوگۆڕێکی گەورەی لەگەڵ ڕۆما ڕەتکردەوە

بابەتی دواتر

بەڕێوبەری دۆرتمۆند گڵۆپی سووری بۆ ڕاهێنەر و یاریزانان داگیرساند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share