بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەرکەسێک لە چەم و رووبارەکان، گۆم و بەستەرە ئاوییە وەستاوەکان و چەند شوێنێکی دیکە مەلە بکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراویکی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، “هاونیشتمانییانی بەڕێز، گەرمای هاوین و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان، بانگێکی فریودەرن بۆ پەنابردنە بەر سێبەری ئاو و فێنکایی چەم و رووبارەکان. جوانیی دیمەنەکان و شەپۆلە هێمنەکانی سەر ئاو، زۆرجار وێنەیەکی خەڵەتێنەر دەخوڵقێنن کە مەترسییە شاراوەکانی ژێر رووکەشە ئارامەکە دەشارنەوە”.
دەشڵێت، “لە سۆنگەی پەرۆشیی قوڵمان بۆ سەلامەتیی گیانی ئێوەی ئازیز و لەبەر رۆشنایی ئەو رووداوە دڵتەزێن و جەرگبڕانەی کە لە ماوەی رابردوودا گیانی چەندین رۆڵەی ئەم نیشتمانەیان لێ سەندینەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە بە توندترین شێوە هۆشداریتان پێبدەین سەبارەت بە مەلەکردن لەم شوێنانەی خوارەوە:
– چەم و رووبارەکان: بەتایبەت ئەو ئاوانەی کە لێڵن، بنەکەیان نادیارە، یان خاوەنی شەپۆلی بەهێز و گەردەلوولی ژێر ئاون.
– گۆم و بەستەرە ئاوییە وەستاوەکان: کە زۆرجار قوڵاییەکەیان نادیارە و زەلکاوی بنەوەیان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
– هەر شوێنێکی ئاویی دیکە کە بە فەرمی بۆ مەلەکردن دیارینەکراوە و پێشینەی رووداوی خنکانی تێدا تۆمارکراوە.
بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، “لێرهدا پێویسته جهخت لهسهر ئهو راستییه بكهینهوه كه مەلەکردن لەم جۆرە ئاوانەدا، جیهانێکی تەواو جیاوازە لە مەلەکردن لە مەلەوانگە پارێزراو و ستانداردەکاندا. تەنانەت ئەگەر خۆت بە مەلەوانێکی لێهاتووش بزانیت، سروشتی ئەم ئاوانە (قوڵایی نەزانراو، شەپۆلی لەناکاو، ساردیی ئاو، بوونی قەڵبەزە و بەردی ژێر ئاو، لێڵی و نادیاریی بنەکەی) هۆکاری کوشندەن و زۆرجار لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی بەتواناترین کەسیشدان”.
دەشڵێت، مەلەوانگەی ستاندارد، ژینگەیەکی کۆنتڕۆڵکراوە و چاودێریی راهێنەری لێهاتووی لەسەرە، کە لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، فریادڕەسی یەکەم دەبن.
بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، لە سۆنگەی رووداوە دڵتەزێنەکانی پێشوو کە بەهۆی ئاوەوە روویانداوە رایدەگەیەنن، “مەلەکردن لە سەرجەم چەم، رووبار، گۆم و ئەو شوێنە ئاوییە مەترسیدارانەی کە ئاماژەمان پێکردن، بەتوندی قەدەغەیە”.
باسلەوەشدەکات، “تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاودێریی وردی ئەم ناوچانە دەکەن و هەر کەسێک سەرپێچیی ئەم رێنماییە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە”.