وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، تیمەکانی FBI کەسێکیان لە ویلایەتی پێنسڵڤەینیا دەستگیرکردووە کە هەڕەشەی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای دیکەی کردووە.
بەپێی بەیاننامەیەک کە لە ماڵپەڕی وەزارەتەکەدا بڵاوکراوەتەوە، FBI زانیاریی وەرگرتووە کە کەسێک لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و لەژێر ناوێکی ساختە (بەڕێز شەیتان)، هەڕەشەی کوشتنی ترەمپ دەکات.
لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، کە ئەو کەسە لەڕاستیدا ناوی (شۆن مۆبەر)ـە و تەمەنی 32 ساڵە، لە نێوان رێکەوتی 15/1/2025، هەتاوەکو 5/4/2025 ئەو پۆستە هەڕەشەئامێزانەی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، کە مۆبەر دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ وەک سەرۆک، چەکی کڕیوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، شۆن مۆبەر کە خەڵکی شاری باتلەر-ە لە ویلایەتی پێنسڵڤەینیا، تۆمەتبارە بە هەڕەشەی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا و ناوبراو، ئەفسەرانی کۆچبەری و گومرگی ئەمریکای بە “تیرۆریست” وەسفکردووە.
هاوکات تۆمەتبارەکە بانگەشەی ئەوەشی کردووە، پێویستە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئێڵۆن مەسک، بازرگانی ئەمریکی و سەرۆکی هەموو ئەو دەزگایانەی ترەمپ هەڵیبژاردوون، “بکوژرێن”.