بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی خاوەنی كۆمپانیای (توانا ئێف ئێكس)ی راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (ت ، س، ع) خاوەنی كۆمپانیای (توانا ئێف ئێكس)مان دەستگیركرد ،بە تۆمەتی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بانگەشەكردن بۆ دراوی ئەلیكترۆنی (فۆڕێكس-FOREX) لە رێگای بڵاوكردنەوەی گرتەڤیدیۆكانی.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمی ئابوریی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دەركەوت هیچ مۆڵەتێكی دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیای نییە.
دەشڵێت، “بازرگانیكردن بە (فۆڕێكس-FOREX) نا یاساییە و رێگاپێدراو نییە و بە هەدەردانی پارە و سامانی هاوڵاتییانە هەروەها داوا لە هاوڵاتییان دەكەین خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە بازرگانی و مامەڵەكردنانە تاوەكو سامانیان پارێزراوبێت”.