بەپێی نوێرین زانیارییەکان لەسەر نرخی نەوت، کە بازاڕی جیهانی نرخی نەوت بڵاویکردووەتەوە، نرخی نەوتی خاوی برێنت و نەوتی تێکساس نزمترین ئاستیان لە ئەم هەفتەیەدا تۆمارکرد.
بەپێی نوێترین زانیارییەکانی بازاڕی جیهانی تایبەت بە نرخی نەوت، بەراورد بە نرخی ئەم هەفتەیە نرخی نەوتی خاوی برێنت و نەوتی تێکساس بە رێژەیەکی بەرچاو نزمبوونەتەوە.
بازاڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 61 دۆلار و 27 سەنت. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساس، گەیشتووەتە 57 دۆلار و 92 سەنت بۆ یەک بەرمیل.
بەپێی زانیارییەکانی بازاڕەکە، لە رۆژی دووی ئەم مانگەدا (نیسان) واتە هەفتەی رابردوو، نرخی بەرمیلێک نەوتی تێکساسی رۆژئاوایی 71 دۆلار و 80 سەنت بووە، بەڵام لە ئێستادا نرخەکەی بریتییە لە 57 دۆلار و 92 سەنت و نرخەکەی 14 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نزمبووەتەوە، نرخی هەر بەرمیلێکی نەوتی برێنتیش نزیکەی 12 دۆلار بەرورد بە نرخی چەند رۆژی رابردوو نزمبووەتەوە.
بەپێی بۆچوونی پسپۆڕانی ئابوری، دابەزینی نرخی نەوت بەم رێژەیە، دەگەرێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەم: بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی زیادکردنی رێژەی باج بەسەر وڵاتانی جیهاندا، هۆکاری دووەم: ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و چین دەربارەی بڕیارەکانیان لەدژی یەکتر.