وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، بەپێی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد بڕی زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بدات بە حکومەتی هەرێم.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی ناوبژیوانی دژی کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد (GEMBBL) قەرەبووی بەرچاوی تێچووی یاسایی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی دێت کە لە کانوونی دووەمی 2024 دا، کە تێیدا دادگاکە بڕیاریدا کە حکومەت بە شێوەیەکی رەوا PSCی بینا باوی و میرانی هەڵوەشاندەوە و هەموو داواکارییەکانی کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەدی لە دژی حکومەت رەتکردەوە.
ئاشکراشیکرد، لە 4ی نیسانی 2025، دادگای ناوبژیوانی بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە تێچوونەکان دەرکرد، کە تێیدا بڕیاریدا کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد بڕی 26 ملیۆن و 868 هەزار و 905 دۆلاری ئەمریکی بدات بە حکومەت، لەگەڵ سوودی دوای بڕیارەکە.