باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆران رایگەیاند، “کۆنفرانسەکەمان سەرکەوتووبوو”.
باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، 5ی نیسانی 2025، لە شاری سلێمانی لە هۆڵی زەرگەتە سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی ”هاونیشتیمانی، دەستور، دیموکراسی” بەسترا، کۆنگرە بەپێی کارنامەیەکی رێکخراو دەستی بە کارەکانی کرد.
دەشڵێت، بەگوێرەی دەستووری ناوخۆی گۆڕان دەستەی بەڕێوەبردنی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی دیاریکران، پەسەندکردنی بەرنامەی سیاسی، دەستوری ناوخۆ، هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، راپۆرتی دروشم و لۆگۆ، راپۆرتی پلاتفۆرمی هەڵبژاردن، راپۆرتی هەڵسەنگاندنی رۆڵی نوێنەرانی حکومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و راپۆرتی هەڵسەنگاندنی رۆڵی جڤاتی نیشتمانی جێبەجێکران”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان وەک خۆی پەسەند کرا، دەستووری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان چەند گۆڕانکارییەکی تێدا ئەنجامدرا کە مەرجی یاسایی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوون بۆ بزوتنەوەی گۆڕان”.
باس لەوەشدەکات، “هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە شێوەی لیست و بە دەنگدانی ئاشکرا بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا، راپۆرتی سەرجەم لیژنەکانی دیکەش پەسەند کران، سەرکەوتنی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی لە هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان پیرۆزبێت، لە ئەمڕۆوە ئەرکی گەورەی نیشتمانی، سیاسی، دیموکراتی و رێکخراوەی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان”.