وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سەپاندنی باجەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بەسەر وڵاتانی جیهاندا رایگەیاند، “کەس لە شەڕی بازرگانیدا سەرناکەوێت”.
ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سیاسەتی گومرگی ئەم دواییەی کۆشکی سپی رایگەیاند، “لە شەڕی بازرگانیدا کەس سەرناکەوێت”.
وتیشی، خەمی ئێستامان بۆ ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، ئەو وڵاتانەی کەمترین ئامادەکارییان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخێکی وەک ئێستا.
دوێنێ هەینی، کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCTAD) هۆشدارییدا کە ئەو باجانەی ئەمریکا بەسەر وڵاتاندا دەیانسەپێنێت، زیان بە وڵاتانی لاواز دەگەیەنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەپاندنی باجی بنەڕەتی 10%ـی بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهاندا راگەیاند؛ زۆرترین باجی گومرگی لەسەر کاڵای چین دانراوە کە 34%ـە.