وەقفی سوننیی عێراق: هیچ ئیمامێک بەهۆی رەخنەگرتن لە دیاریکردنی وادەی جەژنی رەمەزان دوورنەخراوەتەوە

وەقفی سوننیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رەتیدەکاتەوە، کە بەهۆی رەخنەگرتن لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، هیچ ئیمامێک لە وتاردان دوورخرابێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “لە چەند رۆژی رابردوودا، هەندێک کەناڵی ئاسمانی و هەژماری ساختە و گوماناوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردەوە و باسیانلەوەکرد، وەقفی سوننی بڕیارێکی دەرکردووە بۆ دوورخستنەوەی چەند ئیمامێک لە وتاردان”.

دەشڵێت، “ئەم هەواڵە بەتەواوەتی دوورە لە راستییەوە و ئێمە هیچ فەرمانێکی کارگێڕیمان لەوبارەیەوە دەرنەکردووە، جگە لەوەش ئەم ماوەیە هاوکاتە لەگەڵ پشووی جەژنی رەمەزان و لەئێستادا ناتوانرێت فەرمانی کارگێڕی لە هیچ بارودۆخێکدا دەربکرێت، ئەمەش ناڕاستیی ئەم هەواڵانە و نیازیخراپیی بکەران دەسەلمێنێت”.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لەناو بەشێک لە میدیا عێراقییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوببووەوە، چەند ئیمام و وتارخوێنێک لە بەغداد و شارەکانی دیکەی عێراق، بەهۆی رەخنەگرتنیان لە دیاریکردنی وادەی جەژنی رەمەزان لەلایەن وەقفی سوننیی عێراق، لە وتاردان دوورخراونەتەوە.

ئەمساڵ، لە هەرێم و بەشێک لە وڵاتە سوننە مەزهەبەکان، رۆژی یەکشەممە 30/3/2025 وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرا و، ئێران و شیعە مەزهەبەکانی عێراقیش، رۆژی دووشەممە 31/3/2025ـیان وەک یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرد؛ بەڵام پێچەوانەی پێشبینییەکان، دیوانی وەقفی سوننیی عێراقیش، رۆژی دووشەممەی کردە یەکەم رۆژی جەژن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share