بۆ پاراستنى سامانى ماسى و بە تەواوى جێبەجێکردنى بڕیارى قەدەغەى راوکردنیان لە وەرزى گەراداناندا لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر دوو هەنگاوى نوێ دەکەن.
جەمال حسێن، بەرپرسى سامانى ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵى سلێمانى بە تۆڕى میدیایى ئێستاى راگەیاند، بۆ جێبەجێکردنى تەواوەتیی بڕیارى قەدەغەى راوەماسى لەم وەرزەدا لیژنەیەکى نوێ سەر بە لیژنەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى پێکدەهێنرێت.
وتیشى، “لیژنەکە لە کەسانى پسپۆڕى بوارى ماسى پێکدەهێنرێت و، کاریان چاودێریکردنى خستنەڕووى ماسى دەبێت لە بازاڕەکاندا لە کاتەکانى پاشنیوەڕۆ و ئێواراندا”.
لیژنەکە لەکاتى بەدیکردنى فرۆشتنى ماسیدا لێکۆڵینەوە دەکات لەوەى ئایا ماسییەکە هى دەریایە و راوکراوە یاخود ماسیی بەخێوکراوى کێڵگە تایبەتەکانە و، لە ئەگەرى سەرپێچیکردندا هەنگاوى پێویست دەگرێتەبەر، جەمال حسێن واى وت.
ئەوەشى خستەڕوو، گرفتێکى دیکەى بوارەکە راوچییەکانە کە تائێستا رێکنەخراون، گفتوگۆ کراوە لەسەر ئەوەى کارى راوچێتى بکرێتە مۆڵەت و بە رەسمى بناسێندرێن، کە ئەم هەنگاوەش دەبێتەهۆى رێکخستنى بوارى راو و باشتر کۆنتڕۆڵکردنى وەرزى قەدەغەى راوەماسى.
بەپێى راگەیەندراوێکى پێشترى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ماوەى قەدەغەى راوە ماسى لە 20ى ئازارى رابردووەوە دەستیپێکردووە و تا 30ى حوزەیرانى ئەمساڵ بەردەوام بێت.
مەبەست لەم بڕیارە پاراستنى ماسییە لەو ماوەیەدا کە وەرزى زاوزێ و گەرادانانیانە.