یەکێتیی زانایان هۆشداریدەدات لە هەڵگرتنی چەقۆ لەلایەن گەنجانەوە

یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان – لقی گەرمیان هۆشداریدەدات لە دیاردەی هەڵگرتنی چەقۆ لەلایەن گەنجانەوە و چەند خاڵێکیش بۆ چارەسەری کێشەکە دەخاتەروو.

یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان – لقی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ لە شاری کەلار، پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریی کۆمەڵێک لە زانایانی ئاینی و پسپۆڕی دەرونی، چەند خاڵێکیان بە چارەسەر زانی بۆ دیاردەی هەڵگرتنی چەقۆ لەلایەن گەنجانەوە.

دەشڵێت، ماوەیەکە لە سنوری قەزای کەلار ئەم حاڵەتانە روودەدەن و زۆرێک لە کێشەکان، دەرهاویشتەی نادادی، مووچە دواکەوتن، بێکاری، بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و زۆری تریشن، بەڵام بۆ ئێستا، ئەم خاڵانە چارەسەرێکی جدی، ئانی و ناوچەیین، بەهیوای ئەوەی بۆچوونەکانی ئێمەش ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردن.

ئەو چارەسەرانەی یەکێتیی زانایان خستوویەتیەروو بۆ ئەم حاڵەتانە، ئەمانەی خوارەوەن:

– سزای توند بۆ هەڵگرتنی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان و شەڕکەران دابنرێت، دادگاکانیش کارئاسانی نەکەن بۆ ئازادکردنیان وەک کەفالەت و هەر ئاسانکارییەکی تر.

– لایەنە ئەمنییەکان چاودێریی زیاتر بخەنە سەر بازاڕ و فرۆشگاکان، و فرۆشتنی ئەو جۆرە کەرەستانە قەدەغەبکرێت کە بریندارکەرن و بۆ شەر بەکاردێن لەلایەن هەرزەکارانەوە.

– پیاوماقوڵ و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان وەک رێکارێکی چارەسەر کەمتر تەکلیف لە کەسوکاری قوربانییان بکەن بۆ لێخۆشبوون لە تاوانباران.

– کەناڵەکانی راگەیاندن لە سنورەکەماندا بەوپەڕی وریاییەوە کار لەسەر رووماڵکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتن بکەن، بەشێوەیەک ببێتە هۆکاری ئاساییبوونەوە و نەمانی حاڵەتی کوشتن.

– بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف لە گەرمیان بە رێنمایی کارگێڕی، چەند وتارێکی هەینی تایبەتبکات بە بابەتی پەروەردەی منداڵ و مەترسییەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان و قێزەونکردنی تاوانی کوشتن.

– رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و پەروەردەکاران بێنە سەرخەت بە ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی گشتی، بەتایبەت مەترسییەکانی ئەم بوارە.

ئەم هۆشدارییەی یەکێتیی زانایان پاش ئەوە دێت، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە گەرمیان دوو گەنج بە چەقۆ کوژراون.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئیلیزیێ: ماكرۆن بەڵێنی هاوكاریكردنی زیاتری ڕۆژئاوای كوردستانی داوە

کۆشکی ئیلیزیێ ئاشكرایكرد، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندەكەی ڕۆژئاوای كوردستان، ئیمانوێل ماکرۆن بەڵێنی بەردەوامبوونی هاوكارییەكانی فەڕەنسای بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری…
Total
0
Share