سەرجەم هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە هەرێم خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزان و پشووەکان، سەرجەم هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە هەرێم خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزان و پشووەکانی ئەم جەژنە، لەسەر فەرمانی لیوای مافپەروەر یادگار ئەنوەر فەرەج، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە رێکەوتی 29-03-2025، تاوەکو  05-04-2025، سەرجەم هێزەکانی بەرگریی شارستانی، لە تەواوی هەرێمی کوردستان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان.

دەشڵێت، جێبەجێکردنی پلانی جەژن بەمشێوەیە دەبێت:

1- سەرجەم بنکەکانی ناو شار و دەرەوی شار، لە ئێشکگری تەواودا دەبن.

2- ⁠تیمە گەڕۆکەکان لە شوێنە گشتییەکانی ناو شار و بازاڕەکان، جێگیردەکرێن.

3- ⁠بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی پارێزگاکان و دەستەی گەشتوگوزار، تیمە گەڕۆکەکان بۆ پاراستنی گەشتیاران لە تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان جێگیردەکرێن.

هاوکات بەرگریی شارستانیی هەرێم چەند رێنماییەکیشی بۆ هاوڵاتییان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بۆ سەلامەتیی هاوڵاتییان، ئەم رێنماییانە پەیڕەوبکەن:

1- لەکاتی روودانی هەر رووداوێک، سەرەتا پەیوەندی بە ژمارە (115) بکە بۆئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، بەزووترین کات بگەنە شوێنی رووداوەکە.

2- ئەگەر بەمەبەستی گەشت و سەیران لە ماڵ دەرچوویت، باشترە هەموو ئامێرە کارەباییەکان بکوژێندرێتەوە، چونکە لەماوەی رابردوودا، زۆرترین حاڵەتی سووتانی ماڵان روویداوە کە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.

3- ناوچە گەشتیارییەکان بپارێزە و وریای پاشماوەی ئاگری چێشتلێنان بن، بەتەواوی بیکوژێنەوە کە کارت پێی نەما.

4- خەڵوزی نێرگەلە هۆکاری سەرەکیی رووداوی ئاگرە لە ماڵان و دەشت و دەرەکان.

5- ⁠بەهۆی کەمیی بارانبارین لە ئەمساڵدا، وشکیی خاک و بوونی پوش و پەڵاش، فڕێدانی جگەرە مەترسیدارە، بۆیە کە جگەرەکەت کێشا لە جامی ئۆتۆمۆبیلەکەت فڕێی مەدە دەرەوە، بەتایبەتی لە رێگاکانی دەرەوەی شار.

6- ⁠خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکان و شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت بەتەواوی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێبکەن کە پێیاندراوە، چونکە پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەر دەبێت بەهۆی هاتنی گەشتیاران لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

7- شەقامەکانی دەرەوەی شار قەرەباڵغ دەبن، تکایە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل پەیڕەوی رێنماییەکانی برایانی پۆلیسی هاتوچۆ بکەن.

8- ⁠لەو ناوچانەی ئاوی لێیە، تکایە مەلە مەکەن و ژیانی خۆتان مەخەنە مەترسییەوە.

9- دایکان و باوکان، تکایە ئەگەر بەمەبەستی گەشت چوونە دەرەوە، ئاگاداری منداڵەکانتان بن لەو شوێنانەی ئاوی لێیە، با رووداوە ناخۆشەکانی ساڵانی رابردوو دووبارە نەبنەوە.

10- لە هەموو بارودۆخێکدا، تکایە بەزووترین کات پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانیی ژمارە 115.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تیمە تەندروستییەکانی سلێمانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بەڕێوبەرایەتیی گشتی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە…
Total
0
Share