بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ نرخی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا هەزاران دۆلار بەرزدەکاتەوە و شارەزایانی ئابوریش هۆشداری لەبارەوە دەدەن.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری زیادکردنی باجی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بە رێژەی 25% لەسەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل زیادکرد، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل دروستکردووە و لە داهاتوودا نرخەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، بڕیارەکەی ترەمپ بەهای پشکەکانی پێنج کۆمپانیای بەناوبانگی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی دابەزاندووە، بەڵام لە بەرامبەردا بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تێسلای بەرزکردووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی بەکارهێنەرانی ئەو ئۆتۆمبێلانە و تەواوی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، شارەزایانی ئابوری پێشبینی دەکەن، لە ماوەکانی داهاتوودا بەهۆی زیادکردنی رێژەی باجەوە نرخی ئۆتۆمبێل هەزاران دۆلار زیادبکات، وەک چۆن ئابوریناسانی کۆمپانیای جەی پی مۆرگان دەڵێن نرخی ئۆتۆمبێل سێ بۆ پێنج هەزار دۆلار بەرزدەبێتەوە.