ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو نرخەی بۆ کارەبای 24 کاتژمێری دیاریکراوە لە نرخی کارەبای 18 وڵات زیاترە و لەگەڵ داهاتی هاوڵاتییان و تاک ناگونجێت.
عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو نرخی کارەبا 24 کاتژمێرییەی دەیانەوێت بەسەر هاوڵاتییاندا بیسەپێنن لە نرخی کارەبای 18 وڵاتی دەوروبەری هەرێم گرانترە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە هەرێم ئەو نرخانەی کارەبا کە دەیانەوێت بەناوی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێندرێت، بەهیچ جۆرێک لەگەڵ داهاتی تاک ناگونجێت و بە بازرگانیکردنێکی ئاشکرای خزمەتگوزاریی گشتییە، چونکە نرخەکەی لە 100 دینار بۆ کیلۆ واتێک دەستپێدەکات تا دەگاتە 200 دینار و زیاتریش، چونکە هیچ کۆتاییەکی نییە لە نرخەکاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وڵاتانەی کە پارەی کارەبایان بەراورد بە کارەبای 24 کاتژمێری هەرێم کەمترە، بریتین لە: (ئێران، سودان، عێراق، میسر، سوریا، عومان، قەتەر، تورکیا، کوەیت، بەحرەین، مالیزیا، سعودیە، ئەفغانستان، کازاخستان، روسیا، تونس، پاکستان و چین).