ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە بەغداد بەردەوامبێت لە ناردنی 200 ملیاردینارەکە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش داوادەكات بەغداد بەردەوامبێت لە ناردنی 200 ملیاردینارەکە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرد بە بۆنەی ( 47 )مین ساڵیادی دامەزراندنی و ئەنجامدانی دیداری یەکێتی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان .

باسلەوەشكراوە، پاشان کورتەیەکی دەربارەی بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابوری جیهانیی داڤۆس خستەڕوو کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان کراوەتەوە بە تایبەتی لە بواری ئابوری و وەبەرهێناندا.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، خالید هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کۆنووسی کۆتایی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی کوردستان وعێراقی خستەڕوو کە لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامیان داوە و لە کۆنووسە هاوبەشەکەدا، ئاماژە دراوە بەوەی کە وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان، تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی خەرجیی بۆ تەواوی ساڵی 2021 بە شێوەیەکی شەفافانە پێشکەش بە لیژنە هاوبەشەکە کردووە کە بە ژمارە و زانیاری، داهات وخەرجییە گشتیەکانی هەرێمی تێدا خراوەتەڕوو بە داهات و خەرجیی نەوتیی ونانەوتیشەوە، سەرەڕای خستنەڕووی میلاکی وەزیفی مەدەنی و سەربازیی لەسەر تاسەری هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە چێوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە و بە پشتبەستن بە ماف وشایستە داراییەکانی جێگیرکراو بە پێی دەستوور، بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی هەرێم بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەرلەمانی کوردستانیش ڕۆڵی خۆی لەم بوارە بگێڕێت .

لە کۆبونەوەکەدا ئەوەش خرایەڕوو، کە مانگانە حکومەتی فیدڕاڵیی، بە پێی یاسای بودجەی فیدڕاڵ، پابەندییە داراییەکانی هەرێمی داشکاندووە لە شایستەکەی و لەبەرامبەردا، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ڕاپۆرتی وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار و ڕاسپاردە و پێشنیار و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ) ژمارە ( 8 ) لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

بابەتی پێشتر

نکونکو زۆرترین خواستی لەسەرە و مێرکاتۆ دەهەژێنێت

بابەتی دواتر

شۆفێرێك كارمەندێكی پۆلیسی هاتوچۆی كرد بەژێرەوە و هەڵات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share