حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچە و سزاكانی هاتوچۆوە بڕیاری نوێی دەركرد

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، وەزارەتی دارایی هەرێم راسپێردرا ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، مووچەیان بۆ نەبەستراوە كاری پێویستیان بۆ ئەنجامبدرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان كرا بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، پێشنیازێك لەبارەی درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە داشكاندنی رێژەی %20 لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە خرایەڕوو كە ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو یارمەتیدانی هاوڵاتییان، بە كۆی دەنگ پێشنیازەكەی پەسەندكرد و بڕیاردرا بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری داشكاندنی رێژەی %20 لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیكە لە 2025/1/1 تاوەكو 2025/6/30.

دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری، بابەتی یەكلاكردنەوەی كێشەی ئەوانەی خستەڕوو كە لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەهۆی جێگركردنی میلاكی مانگی تەممووز لە ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی راسپارد كە كاری پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی ئەو كەسانە ئەنجامبدات و كار بۆ چارەسەركردنی گرفتی خەرجنەكردنی مووچەكانیان بكات، بەگوێرەی ئەو پێشنیازانەی لەلایەن وەزارەتیان لە كۆبوونەوەکە خرانەڕوو.

هاوكات لە بڕگەی كۆتاییدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، راپۆرتێكی سەبارەت بە دەرچووانی كۆلیژە پزیشكییەكان بۆ ساڵی 2024 خستەڕوو كە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشكی، رێڕەوی وەزیفە و كار و خزمەتیان ڕێكخراوە.

ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەك لە وەزارەتەكانی تەندروستی و دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی گشتیی راژەی راسپارد كە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقدا لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچووانە لەسەر میلاكی وەزارەتی تەندروستی هاوتای هاوەڵەكانیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و ئەنجامی ئەو هەوڵانە بۆ كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بخەنەڕوو، تا لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەنجامانە، بڕیاری پێویست سەبارەت بە دامەزراندنیان بدرێت لەپێناو نەوەستانی رێكارەكانی پلەبەندیی پزیشكی و رێكخستنەوەی سیستمی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نەخۆشخانەكان و چاودێریی پزیشكی و دابینكردنی بەپێی پێداویستی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share