بەپێى پێشبینییەکان لەمشەوەوە شەپۆلێکى باران و هەورەبروسکە و رەشەبا ناوچە جیاجیاکانى هەرێم دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەرى بەفربارین هەیە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزاى کەشناسى رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەهۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بڕێک شێی دەریای سوور و مەداری، لە کاتەکانی ئەمشەوەوە بەتایبەت درەنگانى شەو لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێرەوە باران دەستپێبکات دواتر درێژبێتەوە بۆ ئیدارەی راپەرین.
باسى لەوەشکرد، بۆ سبەینێش ناوچە جیاوازەکانی دیکە و تا رۆژی شەممە ئەگەری بارانی ناوبەناو و بەشێوەی تاوە باران هەیە، لەگەڵ زیادبوونی رەشەبا “بای باشوور” بە خێرایی 30 تا 70 کم لە کاتژمێرێکدا لە هەندێک کاتی ئەو چەند رۆژە ئەگەرى هەیە لە هەندێک شوێن تا 100 کم لە کاتژمێرێکدا تۆماربکات.
شاڵاو هیدایەت روونیشیکردەوە، زۆرترین کاریگەری ئەم رەشەبایه بە پلەی یەکەم لەسەر باشووری هەرێم واتا ناوچەکانى گەرمیان و پارێزگای کەرکوک دەبێت، دواتر هەڵەبجە و شارەزوور و سلێمانی و، پاشان راپەرین و کۆیە و هەولێر.
سەبارەت بە بارانبارینیش ئەو شارەزایە ئەوەى خستەڕوو، زۆرترین کاریگەری بۆ ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، بە پلەی دووەم نیمچە شاخاوی و بە پلەی سێیەم خۆرئاوا و گەرمە سێرییەکان
دەربارەى بەفربارینیش ئاماژەیدا، لە شاخە زۆر بەرز و سنوورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت و پلەى گەرمى بەهۆى هاتنی بارستە هەوای ساردی جەمسەری بە پێنج تا 10 پلەى سیلیزى دادەبەزێت.