سەرپەرشتیارى خانەقاکانى نەقشبەندى رایدەگەیەنێت، مام جەلال لە رێگەى کوردایەتى زۆر تێکۆشا و دواجار شکور بۆ خوا سەرکەوتوو بوو.
شێخ مادیح کوڕى شێخ عوسمانى بیارە، کەسایەتی دیاری ئاینیی کوردستان و سەرپەرشتیاری خانەقاکانی نەقشبەندی ئەمڕۆ دواى سەردانکردنى مەزارى سەرۆک مام جەلال لە سلێمانى لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان بەشێک لە یادەوەرییەکانى مام جەلالى گێرایەوە و رایگەیاند، مام جەلال زۆر زیرەک بوو، لە سەردەمى خوێندکاریدا لە زانکۆ ساڵێک خۆى دەشاردەوە “مختەفى” و ساڵێک وانەى دەخوێندن، یاخود لە بەندینخانە بوو.
وتیشى، “لەو ساڵانەدا پرسى کوردایەتى وردە وردە چووە پێشەوە و مام جەلال لەم رێگەیەدا تێکۆشەرى یەکەم بوو”.
شێخ مادیح روونیشیکردەوە، کە لەو ساڵانەوە دۆستایەتى لەگەڵ مام جەلال بەردەوام بووە و دواتر چەند جارێک لە سلێمانى، لەندەن و بەغداد چەند جارێک چاوپێکەوتن و دیداریان هەبووە.
دووپاتیشیکردەوە، مام جەلال “جگە لە کوردایەتى هیچ شتێک لە فیکر و حەواسیدا نەبوو. لە رێگەى کوردایەتى زۆر تێکۆشا و ئەخیرەن شکور بۆ خوا موەفەق بوو. ئەو رۆژەى دى کە کوردستان لە ئۆتۆنۆمى زیاتر بەدەستهێنرا”.
ئەو کەسایەتییە هیواى ئەوەشى خواست “کوڕە بەڕێزەکانى ئەو رێگەى مام جەلال لە پێش بگرن و ئیشەڵا خوا موەفەقیان بکات” هەروەک هیوایشى خواست نێوانى یەکێتى و پارتى “رۆژ بە رۆژ باشتر بێت و بە سوودى نەتەوەى کورد تەواو بێت، هەردوولا موەفەق بن و پێکەوە ئیش بکەن بۆ نەتەوەکەمان و بۆ نیشتمان”.