بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینێ لە ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت.
دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “سبەی چوارشەممە، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور لەگەڵ ئەگەری بارانبارینی مامناوەند لە ناوچەکانی باکوور(هەرێمی کوردستان)، هەروەها چڕیی بارانەکە لە ناوچە شاخاوییەکانیدا زیاددەکات، لە ناوچەکانی باشووری عێراقیش ئەگەری نمەباران هەیە”.
باس لەوەشدەکات، “بە گشتی پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت، بەغداد 31، سلێمانی 22، هەولێر 25، دیالە 30، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار 29، کەربەلا 32، بابل، میسان و بەسرە 33 پلەی سیلیزی دەبێت”.
کەشناسیی عێراق دەشڵێت، “تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو، بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی جیاواز بەردەوامدەبێت”.
هەر لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە کەشناسیی هەرێمیش پێشبینیی بارانبارین دەکات و دەڵێت، “لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەى جیاجیا ئەگەرى هەورەتریشقە و نمەبارانى کەم هەیە، هەروەها ئەگەری زیادبوونى خێرایى با هەیە کە هەندێک کات دەگاتە سەرووى 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا”.